بۆچی چاخی ڕێستۆرەیشن لە وێژەی ئینگلیزی بە سەردەمێکی زۆر گرنگی شانۆ دادەندرێت؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-06-22:50:00 - کۆدی بابەت: 12549
بۆچی چاخی ڕێستۆرەیشن لە وێژەی ئینگلیزی بە سەردەمێکی زۆر گرنگی شانۆ دادەندرێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی چاخی ڕێستۆرەیشن لە وێژەی ئینگلیزی بە سەردەمێکی زۆر گرنگی شانۆ دادەندرێت؟ (بە عەرەبی ؛ لماذا يعتبر عصر الاستعادة عصرًا مهمًا للمسرح في الأدب الإنجليزي؟ و بە ئینگلیزی؛ Why is restoration age an important age for drama in English literature?) هەر لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵات پیوریتانییەکان بە سەرکردایەتی ئۆلیڤەر کرۆموێل دەستیان کرد بە داخستنی شانۆکان و قەدەغەکردنیان لە سەرانسەری بەریتانیا، چونکە پێیان وابوو لەگەڵ ئایین یەکناگرێتەوە. ئەمەش وای کرد بە درێژایی فەرمانڕەواییان خەڵک دووربێت لە شانۆ، بەڵام هەر لەگەڵ گەڕانەوەی سیستمی پاشایەتی و چارلزی دووەم بۆ سەر تەختی پاشایەتی بەریتانیا دەستی کرد بە کردنەوەی شانۆکان و سەرەتایەکی نوێ لەگەڵیدا بۆ شانۆ دەستی پێکرد. ئیتر لەگەڵ کردنەوەیدا خەڵک بە تامەزرۆییەوە دەچوون بۆ سەیرکردنی شانۆ دووبارە و بینەرێکی یەکجار زۆری هەبوو ئەمەش یەکێک لە هۆکاری سەرکەوتنەکانی شانۆ بوو لەم چەرخە. 

بۆچی چاخی ڕێستۆرەیشن لە وێژەی ئینگلیزی بە سەردەمێکی زۆر گرنگی شانۆ دادەندرێت؟

لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی سەردەمی زێڕینی شانۆ لەو چاخەدا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە بۆ یەکەم جار ئافرەت دەستی کرد بە نواندن لە شانۆدا و رۆڵی کەسایەتییە ئافرەتەکانیان بەرجەستە دەکرد لە شانۆکان، چونکە لە پێشووتردا ئافرەت ڕۆڵی نەدەبینی و کەسایەتییە ئافرەتەکان لەلایەن کوڕی گەنجەوە دەبیندرا و بەرجەستە دەکرا، بۆیە ئەمە گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورە بوو بۆ شانۆ. چەندین نواندنکاری ئافرەتی زۆر باش دەرکەوتون لەوانە "ئیلیزابێس باری" و نووسەری شانۆی ئافرەتیش دەرکەوت وەک ئەفرا بێن. جگە لە ئافرەتەکان چەندین نواندنکاری پیاو دەرکەوتن کە گرنگترینیان (تۆماس بێترتۆن)ـە کە شارەزایانی ئەو سەردەمە بە باشترین نواندنکاری سەردەمی خۆی گوزارشتی دەکەن. 

یەکێکی تر لە هۆکاری سەرکەوتنی شانۆ لەو سەردەمە هەبوونی دوو کۆمپانیای تایبەتی شانۆیی بوو ئەوانیش (دیوک کۆمپانی) و (کینگ کۆمپانی) بوون، دیوک لەلایەن ویلیام داڤێنانت بەرێوەدەبرا و کینگ لەلایەن تۆماس کیلینگرو بەرێوەدەبرا، هەردوو کۆمپانیا بواری زۆریان بۆ نواندنکاران ڕەخساند و چەندین شانۆی گەورەی سەردەمی شکسپیریان دووبارە پیشانی خەڵک دایەوە.

لەبەر ئەوەی شانۆکان ماوەیەکی زۆر بوو داخرابوون، دوای کردنەوەیان دەبوو نوێگەری تێدابکە، بۆیە چەندین شێوازی نوێ وەکوو (شی تراجیدی کە دەربارەی کەسایەتییەکی سەرەکی ئافرەت) و (کۆمیدی ئۆف مانەرس یان کۆمیدیای ئەتوارەکانی کۆمەڵگا) دەرکەوتن لەو سەردەمە، کە نوێبوون و پێشتر بینەران ئەزموونی ئەم جۆرە شانۆیانەیان نەکردبوو. کردنەوەی شانۆی گەورەی (درووری لەین) کە هیچی لە شانۆکانی ئەم سەردەمە کەمتر نەبوو، شانۆیەکی یەکجار گەورەبوو و بەردەوام پڕ بوو لە خەڵک، کە نیشاندەری ئەوە بوو شانۆ لەو سەردەمە بینەرێکی یەکجار زۆری هەبوو، پاشا خۆی سەردانی ئەو شانۆیەی دەکرد بۆ بینینی شانۆکانی ئەو سەردەمە. کۆتا هۆکاری گرنگی شانۆی ئەو سەردەمە ئەوە بوو بەهۆی زۆری بینەرانی توانی پارەیەکی باش کۆبکاتەوە و ئیتر شانۆ وەک پیشەیەک سەیر بکرێت ئەوە جگە لەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە بە بەردەوامی پاڵپشتی دارایی و ئابووری شانۆکانیان دەکرد، هەر لەبەر ئەو هۆکارە تۆماس کیلینگرو توانی لە ڕێگای داهاتی شانۆکانیەوە شانۆی گەورە (دروری لەین) بکاتەوە. لەبەر ئەم هۆکارانە ئەم چاخە بە چاخێکی چارەنووسسازی پێشکەوتنی شانۆ دادەندرێت لەلایەن شارەزایان.



275 بینین