بەرەوپێشبردنی ئاستی نوسین لە زمانی ئینگلیزیدا

له‌لایه‌ن: - پلاتفۆرمی زمانزان پلاتفۆرمی زمانزان - به‌روار: 2024-06-07-03:13:00 - کۆدی بابەت: 13066
بەرەوپێشبردنی ئاستی نوسین لە زمانی ئینگلیزیدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرەوپێشبردنی ئاستی نوسین لە زمانی ئینگلیزیدا (بە ئینگلیزی: improving writting skills in english، بە عەرەبی: تطوير مستوى الكتابة في اللغة انكليزية)، لەم بابەتەدا باسی تەواوی ئەو تەکنیکانە دەکەین کە لە بەرەوپێشبردنی ئاستی نوسینی ئینگلیزیدا هەم لە کاتی نوسینی ئاسایی و هەمیش لە کاتی نوسین لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی زمانی ئینگلیزیدا هاوکارت دەبن، خوێندنەوەی زۆر وەک چۆن گوێگرتن بە تەواوەتی پەیوەندیی بە قسەکردنەوە هەیە، بە هەمان شێوەش توانای نوسین پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە تۆ چەندێک دەخوێنیتەوە، ئەگەر دەپرسیت ئاستی نوسینم بە چییەوە پەیوەستە، ئەوا من وەڵامت دەدەمەوە کە ئاستی نوسینت بە چەندێتی خوێندنەوەتەوە بەندە.

خوێندنەوەی زۆر لە فێربوونی ئەم شتانەی خوارەوەدا هاوکارت دەبێت

  • وشەی نوێ
  • ڕستەی نوێ
  • گرامەر
  • وەرگرتنی بیرۆکە
  • چۆنیەتی پەیوەندی بەستن

فێربوونی وشەی نوێ

دەرکەوتنی ئاستی نوسینت تەنها پەیوەندیی بە بوونی بەهرە و توانای نوسینی ئینگلیزیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو وشانەوە هەیە کە لە کاتی نوسینی بابەتەکاندا بەکاریاندەهێنیت، بۆیە فێربوونی وشەی نوێ بۆ دیاریکردنی ئاستبەرزیت نەک تەنها بۆ نوسینێکی ئاسایی یارمەتیدەرت دەبیت، بەڵکو بۆ تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی زمانی ئینگلیزیش یارمەتیدەرت دەبێت، وەک ئایەڵس و تۆیفڵ کە نمرەیەکی باش لەسەر وشە بەکارهێنراوەکانت لە نوسیندایە. 

نوسین و قسەکردنی هەمان کاتی 

بەکارهێنانی ئەم جۆرە تەکنیکە لە هەموو کاتێدا گونجاو نییە، بەڵام دەتوانیت لە بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنەوەت سوودی لێ ببینیت، زۆر گرنگە کە بتوانیت تۆ قسە بکەیت و بنوسیت، ئەم تەکنیکە لە تاقیکردنەوەی ئایەڵس بە تایبەتی لە بەشی گوێگرتن یارمەتیدەرت دەبێت، کە تۆ لە یەک کاتدا دەخوێنیتەوە و دەنوسیت و گوێدەگریت، بۆیە خۆت لەسەر ئەم ڕێگایە ڕابهێنە. 

نوسینی کاری ڕۆژانە 

دەتوانیت کاری ڕۆژانەت وەک گەشتێک یان سەردانێک یان فێربوونی وشەیەک بنوسیت، کە ئەمەش هاوکاری بەرەوپێشبردنی ئاستی نوسینی ئینگلیزیت دەبێت، هاوکات دەتوانیت ئەزموونی خۆت سەبارەت بە شتێک لە ژیاندا لەسەر تیانوسەکەت بنوسیت، کە ئەمەش هەم سوود بە خۆت و هەم سوود بە خەڵک دەگەیەنێت.

پشکنینی هەڵەکانت 

کاتێک کە تۆ بە کۆتایی نوسینی بابەتێک یاخود کارەکانت دەگەیت، ئەوا لە کۆتاییدا پێدابچۆرەوە، بۆ ئەوەی بتوانیت هەڵەکانت ڕاست بکەیتەوە، بە تایبەتی لە زمانی ئینگلیزیدا هەندێک هەڵەی ڕێزمانی لە نوسیندا بەدیدەکرێت، بۆیە دەتوانیت لە ڕێگای کەسێک یاخود لە ڕێگای ئەو ماڵپەڕانەی کە تایبەت بە پشکنینی هەڵەی ڕێزمانی لە نوسیندان، نوسینەکەت بپشکنێت و لە نەبوونی هیچ جۆرە  هەڵەیەکی سپێڵینگ و ڕێزمانی دڵنیا بیت. 

فێربوونی چۆنیەتی ڕێکخستنی پەڕەگراف 

یەکێکە لە ڕێگا بە سوودەکان بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستت ئەوەیە کە بزانیت پەڕەگرافەکەت ڕێکبخەیت و بزانیت چۆن و چیت کردووە، بە تایبەتی لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی زمانی ئینگلیزیدا زۆر گرنگە بزانیت چۆن پەڕەگراف لەسەر بابەتەکەت ڕێکبخەیت. 

بەکارهێنانی وشەنامەی ئینگلیزی

یەکێک لەو ڕێگا هەڵانەی کە هەندێکمان لە سەرەتای دەستکردنمان بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی یاخود ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بەکاریدەهێنین و لێی بێ ئاگاین، ئەویش بەکارهێنانی وشەنامەی زمانی کوردییە، کاتێک واتای کوردی وشەیەک نازانین، هەوڵبدە کە لەمەودوا وشەنامەکەت بۆ زمانی ئینگلیزی بگۆڕیت، بۆ ئەوەی بتوانیت بە ئینگلیزی خۆت فێری واتای وشەکە بکەیت و پێناسەی وشەکەت بکەیت، بەم شێوەیە کاریگەریی لەسەر ئاستی زمانی ئینگلیزیت دەبێت و دەتوانیت سوود لەم ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنانە وەربگریت، بۆ ئەوەی لە کاتی تێنگەیشتن لە واتای وشەیەک بەکاری بهێنیت. 



400 بینین